پیرۆزباییەکی گەرم لە گشت کوردستانییان و هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کوردستان دەکەم.
زمان، ناسنامە و پێناسەی هەر مرۆڤ و نەتەوەیەکە و بەشێکی گرنگی کولتوور و کۆڵەگەیەکی بنەڕەتیی نیشتمانسازییە، بۆیە پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایک، ئەرکێکی گرنگ و لەپێشینەی خێزان و کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەتە.
ئەگەر بایەخدان بە زمانی دایك و ڕێزگرتن لەم ڕۆژە، جارێك بۆ گەلانی دیكەی جیهان گرنگ بێت، ئەوە بۆ ئێمەی كوردستانی، كە وێڕای شۆڕش و بەرگری و قوربانیدانە گەورەكانی گەلەكەمان، زمانەكەمان فاكتەرێكی گرنگی مانەوەمانە، پێویستە جێگەی بایەخی هەرە لەپێشینەمان بێت.
ئەگەرچی بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق، زمانی کوردی، زمانێكی فەرمیی هەرێمی کوردستان و عێراقە، بەڵام جێی داخە تا ئێستا لەسەر ئاستی عێراق و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش، وەك پێویست بایەخ بە زمانی کوردی نەدراوە، چونکە چاومان لە پێشڤەچوونی زیاترە لەم بوارەدا.
لێرەدا داوا لە دەزگا رۆشنبیری و زانستی و ئەكادیمییە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە لەم ڕووەوە، باشتر ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن و هەر کەموکوڕی و کەمتەرخەمییەک هەبێت لە بواری زمانەوانی و گرنگیدان بە زمان، چارەسەری بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیە بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لەم بوارەدا. بێگومان لە پاڵ گرنگیدان بە زمانی کوردی، پێویستە بە شێوەیەکی شایستەش، بایەخ بە زمانی ئەو پێکهاتە نەتەوەییانەش بدرێت کە بەشێکن لە گەلی کوردستان.
لەم بۆنە گرنگەدا، بە پێویستی دەزانم بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی ئەو ڕۆشنبیر و مامۆستا بەڕێزانە و هەموو ئەو خۆشەویستانە بكەینەوە، کە ڕۆڵێکی دیار و بایەخداریان لە پاراستن و فێرکردن و برەودان بە زمانی کوردیدا هەبووە.
ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک لە ھەموان پیرۆز بێت...
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان